پێنجشەممە 28 ئازار 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 3ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆڵگ لێڤین كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر سڵاوی وەزیر و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان هەردوولا و ڕۆڵی بارزانیی نەمر لە قووڵكردنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا، پێگەی هەرێمی كوردستانی بۆ وڵاتەكەی بە گرنگ وەسف كرد و هەروەها ئاماژەی بە ویستی ڕووسیا دا لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بە تایبەت لە بواری وزە و بیناسازی و خوێندن و چالاكییە كولتوورییەكان. لە بەشێكی تری وتەكانیدا كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر ڕۆڵی گەلی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیر و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیای كرد و پێزانینی بۆ هەڵوێستەكانی حكوومەتی ڕووسیا هەبوو لەمەڕ دۆزی گەلی كوردستان. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پەیوەندییەكانی گەلی كوردستان و ڕووسیا مێژوویین و لە كوردستان ڕەغبەتێكی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە. هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی ڕووسیا لە كارەكانی خواست. پەیوەست بە شەڕی تیرۆر سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بە شانازییەوە یەكەم هەنگاوی تێكشكاندنی هەیبەتی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان بووە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.