دووشەممە 22 ئاب 2022

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر دەكات  



ڕۆژی دووشەممە 22ی ئابی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئێرڤن هیكس كونسوڵی تازەی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو بۆ گەییشتن بە ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆرییەت. ئەوەشی ڕاگەیاند كە گەییشتن بە بەختەوەری و ئازادیخوازی دوو خاڵی هاوبەشی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستانن. سەرۆك بارزانیش جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەن دۆزێكی ڕەوایە و لەپێناو ئەو دۆزەدا ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرایەوە و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر باسی لە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی وڵاتەكەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە بواری گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتیان.