چوارشەممە 9 کانونی یەکەم 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە 9ـی كانوونی یەكەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵات و ماسیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ڕۆبێرت واڵەر كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان خرانە بەر باس و گفتوگۆ و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵات پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەورەها جەختیشی لە بەردەوامبوونی ئەمەریكا لە یارمەتیدان و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

شاندی میوان پشتگیریی ئەمەریكای بۆ بەردەوامبوونی دانوساندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند.

پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیی نێوانیان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.