پێنجشەممە 7 ئازار 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئۆردۆن دەكات




ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی 3ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی شانشینی ئۆردۆن كرد كە پێكهاتبوو لە د. تارق ئەلحموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و مەنتەسەر عەقلە باڵیۆزی ئۆردۆن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئۆردۆن لە عێراق.


لە دیدارەكەدا وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئۆردۆن سڵاوی شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان هەردوولا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن كردەوە. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و پێكەوەژیانەی لە كوردستاندا هەیە و بە هۆكاری پێشكەوتن و ئاییندەیەكی باشی لە قەڵەم دا.


لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی پادشای ئۆردۆنی كرد و بە دۆست و برای خۆی زانی و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی پادشای ئۆردۆن لە بەرانبەر گەلی كوردستان.


هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر تاوتوێ كرا.


پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.