چوارشەممە 19 شوبات 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە 19ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مامۆستا سەلاحەددین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و د. سەلاحەددین بابەكر كارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و د. محەمەد هاودیانی ئەندامی سەركردایەتیی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە سەركەوتنی كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە شاندی میوان كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵ و میانڕۆیی و هەڵوێستەكانی یەكگرتوو لە پڕۆسەی سیاسی و قۆناغە هەستیارەكانی ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و قەیرانی سیاسی لە عێراق و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و هەوڵدان بۆ دەستبەركردنی برایەتی و تەبایی سیاسی و یەكڕیزی لە پرسە نیشتیمانییەكان بە پێویست زانرا و جەختیش لە كاری هاوبەشی لایەنەكان و دامەزراوەكانی هەرێم كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە ئاساییشی كۆمەڵایەتی و پەروەردە و بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەكەنە ئامانج.