پێنجشەممە 9 ئایار 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی 5ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە دەیڤید ساترفیڵد جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت و جووی هوود جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ پاول لاكامێرا بەرپرسی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی دژی داعش.

لەو دیدارەدا شاندی میوان سڵاوی تایبەتی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و شاندی میوان ئەوەی دووپات كردەوە كە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایە.

دوایین گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش هێشتا هەر ماوە و مەترسییە بۆ ئاساییشی عێراق و سووریا و ناوچەكە.