چوارشەممە 18 تشرینی دووەم 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی بریتانیا دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازی و سیاسیی حكوومەتی بریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە فەریق جۆن لۆریمێر ڕاوێژكاری باڵای وەزیری بەرگریی بریتانیا و ستیڤن هیكی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی و باڵیۆزخانەی بریتانیا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لە بەردەوامبوونی ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرایەوە.

مەترسییەكانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.