شەممە 17 تشرینی دووەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمەریكا دەكات



ڕۆژی شەممە 17ـی 11ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندرۆ پییك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا و پێشوازییش لە بڕیاری حكوومەتی عێراقی كرا بۆ دووبارە هەناردنەوەی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی هەرێمی كوردستان و بە بڕیارێكی دروست لە قەڵەم درا و شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد لە ناردنەوەی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان.

هەردولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكوومەتی تازەی عێراق دەرفەتێكی نوێیە بۆ هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر لەگەڵ یەكتر و هیوای ئەوەیان خواست كە ئەو دەرفەتە تازەیە گرفتی بۆ دروست نەكرێت.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و ڕەچاوكردنی ماف و داخوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و دابینكردنی سەقامگیری و ئارامی و جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا هەمیشە ڕێزی تایبەتی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.