سێشەممە 3 کانونی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا دەكات  



ڕۆژی سێشەممە 3ـی 12ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا بە سەرۆكایەتیی سعوود مەلا سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا كرد.

لە دیدارەكەد بارودۆخی سیاسیی سووریا و دوایین پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكان و ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە دۆخی سووریا تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە بوونی هەوڵ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی ڕۆژئاوای كوردستان و ئازاردان و ئاوارەكردنی هاووڵاتیانی كورد لە لایەن چەكدارە توندڕۆكانەوە، نیشاندا.

پەیوەست بە ئاییندەی سووریا و نەخشەڕێگەی لایەنە كوردییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتەكان و مسۆگەركردنی مافە سیاسییەكانی گەلی كورد، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی پێویستی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.