دووشەممە 4 تشرینی دووەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین کرد



ڕۆژی دووشەممە ٤ـی١١ـی٢٠١٩ سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كە لە لە ژمارەیەك كەسایەتی و نوخبەی ئەکادیمی و فەرهەنگیی عێراقی پێکهاتووە، کۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی هاووڵاتییان و دۆخی سیاسیی عێراق و ئایندەی پڕۆسەی سیاسی سازدرابوو، سەرەتا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە، ڕا و سەرنجی خۆیان لەبارەی دۆخەکە خستەڕوو و پلانی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەینیان بۆ لێکۆلێنەوە لە دۆخی ئێستا و خستنەڕووی پێشنیارەکانیان بۆ هەنگاوی پێویستی چارەسەری، بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە و دواتریش داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد بەرچاوڕوونیی پێویستیان بداتێ.

سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕێنی پشتیوانی بۆ داواکارییە ڕەواکانی خەڵک، روونی کردەوە کە خەڵک مافی خۆیەتی داوای ژیانێکی ئاسوودە و سەربەرزانە بکات و ئەو ڕەوشەی بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک لێکەوتەی سیاسەتی هەڵەی ساڵانی ڕابردوویە و ناکرێ بەرپرسیارێتییەکەی بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی سەرۆکوەزیرانی ئێستا و کابینەکەی و خەڵکانێک کە خۆیان هۆکاری کەموکوڕی و شکستەکانی ساڵانی ڕابردوون ئێستا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن.

سەرۆک بارزانی هەروەها ئاماژەی بە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و نەهامەتی و قوربانیدانی كورستان دا و ئەوەی خستەڕوو كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب و ڕەچاوكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە دامەزرا بەڵام بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە 4500 گوندی وێران و سەدوهەشتاودوو هەزار ئەنفال و بێسەروشوێنبوونی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و هەشتهەزار بارزانی و كیمیابارانكردنی كوردستان بوو. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گەلی كوردستان دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەپێناو نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ و پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵ كە تێیدا مافی هەموو لایەك پارێزراو و جێگیر بێت، هەوڵی زۆریان دا. بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی فەرهەنگی هەڕەشە و بە پاشكۆدیتنی كورد و پێشێلكردنی شەراكەت، کەوتنەوە دژایەتیی گەلەکەمان و دەستوور پێشێل کرا و كار گەییشتە تۆڵەسەندنەوە و قووڵتربوونی تاییفەگەری و ئابلۆقەدانی پێشمەرگە و بڕینی بوودجە و لەشکرکێشی و پیلانگێڕان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەر دەستووری ئێستای عێراق وەکخۆی جێبەجێ کرابا زۆربەی کێشەکان ڕوویان نەدەدا و مافی هاووڵاتییان دەپارێزرا، بەڵام لە ئەنجامی پشتگوێ خستنی دەستوور و هەوڵدان بۆ تاکڕەوی و خۆسەپاندن، عێراق گەیشتۆتە ئەو دۆخە و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە نەهێشتنی هۆکارەکان هەیە.

سەرۆک بارزانی روونیشی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و بەردەوامیشن، بە ڕاشکاوییش بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە ئەو داواکارییانەی بەناوی خۆپێشاندەرانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوکم و دەستکاریکردنی دەستوور دەخرێنە ڕوو، تا ئەو جێیە ڕەوا و قبوڵکراون کە دژی مافە دەستووری و شەرعییەکانی گەلی کوردستان نەبن و بنەما دیموکراسییەکانی تەوافوق و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت.

سەرۆك بارزانی هەروەها پێشوازی لە ئامانجەکانی سەنتەرەکە بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان کرد و بە هەنگاوێكی زۆر باشی زانی بۆ لێكتێگەییشتن و گەییشتن بە ئەنجامی بەسوود.