پێنجشەممە 10 کانوونی دووەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی سووریا و گۆڕانی هاوكێشە مەیدانییەكانی سوریا تاوتوێ كرا و شاندی میوان كورتەیەكیان لە بارودۆخی هاووڵاتیانی كورد لە سووریا و نیگەرانییەكانیان لەمەڕ ئاییندەی كورد لەو وڵاتە بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە شاندی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا سوپاسی خۆیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند كە هەردەم پشتیوان و خەمخۆری گەلی كورد لە سووریا بووە و پێزانییان هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی ئەو دواییەی سەرۆك بارزانی لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا. داوایشیان كرد كە سەرۆك بارزانی دەنگ و مەزلوومیەتی گەلی كورد بە ناوەندە دیپلۆماسی و دەولییەكان بگەیێنێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە تازەكان و پاراستنی گەلی كورد لە سووریا ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.