دووشەممە 22 نیسان 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری دەكات



ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 22ـی 4ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوو لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوەیس و هۆشیار زێباری و كەریم سنجاری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دروستبوونی ئەو كەشە ئیجابییەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق هاتووەتە ئاراوە، بەرز نرخێندرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ڕێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن چونكە باشبوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و بار و گوزەرانی خەڵكی ئەو پارێزگایە و بەڕێوەبردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لە چڕكردنی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای موسڵ كردەوە و ئەوەیش دووپاتكرایەوە كە پێویستە خەڵك و پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداری لە بەڕێوەبردنی لە ئەو پارێزگایەدا بكەن.