شەممە 15 کانونی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات



ڕۆژی شەممە 15ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی پارێزگاكانی ناوەند و ڕۆژئاوای عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پەرەسەندنەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەدیات و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی تازەی عێراق كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و، عێراق ڕووبەڕووی ئەگەری نادیار دەكاتەوە. هەروەها تەئكیدیش لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی پارسەنگی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانێتی و كەرتی ئەمنی و سەربازی كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكان و خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە لەدوای 2003 ،پڕۆسەی سیاسیی ئێستا، باشترین دەرفەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیاتنانی متمانەی نێوان لایەنەكان.

بارودۆخی ئەمنی و ئیداریی پارێزگای نەینەوا و، ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی ئەو پارێزگایە تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.