پێنجشەممە 27 کانونی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی ڤاتیكان دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی حكوومەتی ڤاتیكان و پیاوانی ئایینی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان سڵاو و ڕێزی تایبەتی قەداسەتی پاپای بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و، ئامانجەكانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و ڕایگەیاند كە هانی باشتركردنی دۆخی هەموو لایەك دەدات لە كوردستان و عێراق و داوایشی كرد كە بار و گوزەران و دۆخی ئاساییشی موسڵ و ناوچەكانی نەینەوا باشتر بكرێت بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.

لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پابەندبونی بەرانبەر قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی دۆخی پێكهاتەكان و دابینكردنی ئارامی و باشتركردنی بارودۆخی ژیان. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان ئەوەی خستەڕوو كە هانی هەردوولا دەدات كە گرفتەكانیان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكەن و لەمبارەیەوە گەشبینیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

لەبارەی شەڕی تیرۆریشەوە سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی هەرێمی كوردستان لەو شەڕەدا و جەختیشی لەوە كە پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت لەپێناو بنبڕكردنی فكری تیرۆر. ئەوەیشی خستەڕوو كە خۆی و وڵاتەكەی دوعا دەكەن بۆ خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی قەداسەتی پاپای كرد و وێڕای ئاماژەدان بە فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان ئەوەی ڕاگەیاند كە لەكاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بە خوشك و برا مەسیحییەكانی ڕاگەیاندووە كە هەموومان چارەنووسی هاوبەشمان هەیە و لە مردن و ژیاندا بەیەكەوە دەبین. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە تاوان و بەدڕەوشتییەكانی تیرۆریستان و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان دا و ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەكمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی خوشك و برا مەسیحییەكان بدەین كە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و هاندانیان بۆ جێهێشتنی وڵات بە بابەتێكی هەڵە وەسف كرد.

 هەروەها داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی ژیان و گوزەرانی پێكهاتەكان و ئاوارەكان بێتە سەر هێڵ. سەرۆك بارزانی شانازیشی بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی بەرانبەر و یەكترقبووڵكردنی جیاوازیی نەتەوایەتی و ئاییینی لەناو خەڵكی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا برای یەكترین و بە ئاكاری باش و مرۆڤسالارانە دەتوانین بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا بژیین.

لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێ لە ئاییندەدا مەترسیی گەورەتر لە داعش سەر هەڵدەداتەوە.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەمیشە كوردستان لایەنگری زمانی دیالۆگ بووە و شەڕی نەویستووە و ڕاشیگەیاند كە لە هەوڵی ئەوە دان كە كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئاماژەیشی بە كەسایەتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق دا كە كەسێكی كراوە و لایەنگری لێكتێگەییشتن و چارەسەری كێشەكانە و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق و حكوومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی بارودۆخ و ژیانی خەڵك دووپات كردەوە.