چوارشەممە 11 ئەیلوول 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە ١١ـی٩ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە برایان مەکفیتێرز، جێگری نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرەتا جێگری نێردەی تازەی ئەمەریکا لەعێراق خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا، ڕایگەیاند کە هاتوون تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ببیستن.

لە دیدارەکەدا بە درێژی باسی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پشتیوانیی دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور. هەروەها دۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعش خرایە بەر باس.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن. هەروەها تەئکیدی کردەوە کە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموولایەک، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیک و بۆ هەندێکی تر هەڕەشەکە دوورمەودایە، ئەو هۆکارانەش کە داعشیان دروست کرد وەکخۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ تاتوێ كرا.

بارودۆخی سووریا تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە بوو و، سەرۆك بارزانی نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند.