سێشەممە 7 ئەیلوول 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا دەكات



ڕۆژی سێشەممە 7ی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆزێپ بۆرێل جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و، ڕایگەیاند كە ئاگاداری تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستانە. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پێشوازیكردن لە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر. ئەوەشی خستەڕوو كە ئاسایش و ئازادی و خوشگوزەرانیی گەلی كوردستان بۆ یەكێتی ئەوروپا بایەخی تایبەتی هەیە و پاڵپشتیی یەكێتیی ئەوروپای بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و جەختیشی لەوە كردەوە هەر میللەتێك ئیرادەی بەرخودانی هەبێت ئەوە یارمەتیی دۆستان و هاوپەیمانانیش كاریگەریی باشی دەبێت.

هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعشی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر و داعش هێشتا هەر ماوە چونكە هۆكارەكانی دروستبوونی داعش هێشتا ماون و چارەسەر نەكراون. سەرۆك بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند كە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیان لەناو گەلی كوردستان ڕێگر بووە لەوەی تیرۆریستان بتوانن لەناو گەلەكەماندا پێكەیەك بۆ خۆیان دروست بكەن.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانی ببنە هۆی گۆڕانكاری و سەقامگیریی و بەدیهاتنی ویستی هاووڵاتیان.