سێشەممە 15 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق دەكات



ڕۆژی سێشەممە 15ـی 10ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مارتین هوس باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ڤینسۆ پوپۆ بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق كە لە بەغدا تازە دەستی بە كارەكانی كردووە، پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتنە ئیجابیانەی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە و هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەنادان و حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان. لە بەشێكی تری قسەكانیدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپای لەمەڕ بارودۆخی ئێستای سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو دۆخەی كە لە سووریاوە هاتووەتە ئاراوە نیگەرانی و تێبینییەكانی لەسەر ڕەوش و ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.
هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دروستبوونی كەشی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئیجابی هەڵسەنگێندرا.
تاوتوێكردنی هەرەشە و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە تەوەرێكی تری دیدارە بوو.