سێشەممە 22 ئەیلوول 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات  



ڕۆژی سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارتن هووس باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان لەپێناو ئازادی و دیموكراسیخوازی هەبوو و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتگیریی یەكێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی خەبات و ئەو نەهامەتیانە خستەڕوو كە بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون و جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان بڕوای بە ئاشتی و دیالۆگ هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر تەحەددیاتی بەردەم عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.

هەوڵە جیهانییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دەرهاوێشتەكانی ئەو پەتایە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.