چوارشەممە 28 نیسان 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و بهێرشی تیرۆریستان و، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە. ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سەردانی پاپا فەڕەنسیسی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كرد و ڕایگەیاند خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون. پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كولتوورە ڕیشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێ لەسەر بنەمای ڕەفتارەكەی بێت نەك بیروڕای.