دووشەممە 28 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی دووشەممە 28ـی 10ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلە دیل باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە خاتوو باڕباڕا ڤۆلف كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و جێگرەكەی سڤێن كڕاوسپێ ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، پێزانینی هەبوو بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی كوردستان و ڕاشیگەیاند وڵاتەكەی سوپاسگوزارە بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كە ئەركێكی قورسە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و هەروەها كار و چالاكییەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەكان ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان دەرگەی كراوەیە بۆ ئاوارەكان و پێویستی بە یارمەتی و پشتیوانیی ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە لە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیە كاریگەریی گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی سووریا لەسەر سەقامگیریی هەرێم و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاییندەی عێراق و ناوچەكە بە تایبەت لەدوای كوشتنی بەغدادی تاوتوێ كرا.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕەوشی كەركووك تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.