چوارشەممە 17 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاوڵ گیبارد باڵیۆزی تازەی كەنەدا لە عێراق و خاتوو نانسی بێڕگێڕن كونسوڵی كەنەدا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق كە یەكەم باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراقە لەدوای ساڵی (1991) پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە. هەروەها ئاماژەی بە سیستەمیی سیاسی و ئەزموونی فیدڕاڵیزمی كەنەدا دا و داوای كرد هاوكاری و پەیوەندیی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان لەبواری سیستەمی ئیداری و سیاسی و كاركردن بۆ یەكسانیی جێندەری و بەشداریی كارای ئافرەت پەرە پێ بدرێت.

باڵیۆزی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە وڵاتی كەنەدا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشدار بووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی تازەی كەنەدا كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدایشی كرد كە لەشەڕی دژی داعشدا هاوكاری و یارمەتییان پێشكەشی پێشمەرگە كردووە. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا و ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە هەرێمی كوردستان هیچ سەقفێك بۆ بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە دانەنراوە و بە پێویستی زانی ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارێكدا كاراتر بێت.

دامەزراندنی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.