پێنجشەممە 21 شوبات 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا دەكات



 

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە كونسوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و سلێمانی و كەربەلا و نەجەف.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵسەنگاندنی ئیجابی بۆ سەردانی ڕابردووی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات كرایەوە.

پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت و پارلەمانی هەرێم تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.