پێنجشەممە 6 شوبات 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا كە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد بۆ پێدانی چارەسەری و دەرمانكردنی محەمەد حەمید،كوڕە گەنجە كوردەكەی سووریا كە بوونە هۆی ئەوەی لە مەرگ ڕزگار بكرێت.

سەرۆك بارزانی ستاییشی هەڵوێستی دۆستانە و مرۆڤسالارانەی فەڕەنسای كرد لەبەرانبەر گەلی كوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا و ڕایگەیاند كە فەڕەنسا دەوڵەتی پڕەنسیپ و بەهاكانە.


هەر لەو دانیشتنەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا پێزانینی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتییە لەگەڵ گەلی كورددا.


لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەكانی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی گەڕانەوەی سەقامگیری و جێبەجێكردنی داوا ڕەواكانی خەڵك كردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ڕۆڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكانی و، كردنەوەی دەرگە بۆ دیالۆگێكی نیشتیمانیی گشتگیر.