دووشەممە 7 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات



 ڕۆژی دووشەممە ٧ـی ١٠ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبێر باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و خۆپێشاندان و گرژییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سووریا و گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و مەیدانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی باكووری سووریا خرایە بەر باس و، لەم بارەیەوە هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئاییندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا.

تاوتوێكردنی هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی ناوچەكە تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.