پێنجشەممە 11 شوبات 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەكات  



ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی شوباتی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە لارس ڕۆناس باڵیۆزی سوید لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و، ڕۆشناییش خرایە سەر هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییش جیهان و، باڵیۆزی سوید لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی جیهان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی سوید و هەروەها جالیەی كوردی لە سوید تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتی سویدی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و ئەنفال و نەهامەتییەكاندا باوەشی بۆ هاووڵاتیان كورد كردەوە و هەردوولا هیوایان خواست بوونی ژمارەیەكی زۆری كورد لە سوید لەسەر بەرەوپێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا ڕەنگبداتەوە.