یەکشەممە 12 ئەیلوول 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سعوودیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی یەكشەممە ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەبدولعەزیز بن خالد ئەلشەمەری باڵیۆزی سعوودیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی سعوودیا لە عێراق سڵاوی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعوودیا و ئەمیر محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخێكی زۆرە. هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی شانشینی سعوودیا و شا سەلمانی كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیا كرایەوە.

هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.