شەممە 15 حوزەیران 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات



ڕۆژی شەممە 15ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە  ماسیۆ توولێر باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

باڵیۆزی تازەی ئەمەریكایش پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەدیهێنانی سەقامگیری و چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی دۆستایەتیی نێوان كوردستان و ئەمەریكا. هەروەها هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرز نرخاند و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی وای بۆ دەچێ كە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكات.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان و پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تاوتوێ كرا.

هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و تیرۆریستانی داعش و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕیشەكێشكردنی، تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.