یەکشەممە 9 کانونی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی یەكشەممە 9ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق ڕۆشنایی خستە سەر بایەخ و ڕەنگدانەوەكانی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و ئەو سەردانەی بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد.

هەر لەو كۆبوونەویەدا جەخت لەوە كرایەوە كە حكوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی تازەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق هێناوەتە ئاراوە. پەیوەست بە بارودۆخی كەركووكیش ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق تەئكیدی لە بەردەوامی و توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی كردەوە.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و كێشەكانی دانیشتوانی موسڵ و ئاوارەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.