سێشەممە 5 شوبات 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق دەكات



 

ڕۆژی سێشەممە 5ـی 2ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئاڵمانیا كرد كە پێكهاتبوو لە سریل ناون باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق و باربارا وۆلف كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق هێمای بە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و عێراق و كوردستان دا و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئاڵمانیا لەبواری یارمەتیی مرۆیی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە عێراقدا كار دەكات، هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتەكەی ئەوەی خستەڕوو كە سەرۆك بارزانی بۆ هەموو گەلی كورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ئومێدێكی زۆرە.

 هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دووایین پێشهاتەكان و مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە.

 لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و ئاییندەی كورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی ئەڵمانی ڕاگەیاند.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو كەشە ئیجابییەی كە لە نێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە جەختی لە ڕێكاری سیاسی و ئاشتیانە و دیالۆگ كردەوە لە چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.