یەکشەممە 12 ئاب 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەكات



ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 8ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە د. عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و جەختیش لە ڕەوایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان و ڕەتكرنەوەی سەپاندنی زۆر و زەبروزەنگ بەسەر گەلی كوردستان كرایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئەیلوولی داهاتوو و پێویستیی كاركردن و دانانی بەرنامەی تۆكمە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان ئاڵوگۆڕ كرد.