پێنجشەممە 16 ئاب 2018

سەرۆك بارزانی مەدالیای بارزانیی بەخشیە ژمارەیەك پێشمەرگە و خەباتگێڕ و تێكۆشەری گەلی كوردستان و خانەوادەی شەهیدان و برینداران  



ڕۆژی پێنج شەممە 16ـی ئابـی2018 لە شاری هەولێر، سەرۆك مسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و قوربانیدان و ماندووبوونیان بەخشیە ژمارەیەك پێشمەرگە و كەسایەتی و خانەوادەی شەهیدان و نوێنەرانی بریندارانی شەڕی دژ بە داعش و شەڕی بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان.

لەو مەراسیمەدا دایكە عایشە وەك نوێنەری شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش و ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و خەباتگێڕانی كوردستان و نوێنەری بریندارانی شەڕی داعش و شەهیدان و بریندارانی شەڕی بەرگری لە خاكی كوردستان، كە قوربانیانداوە لەپێناو میللەتەكەیان، لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە مەدالیای بارزانییان پێبەخشرا.

هەر لە مەراسیمەكەدا وەك رێزلێنانێك بۆ كار و چالاكیە خێرخوازییەكانیان و خزمەتكردنی ئاوارە و لێقەوماوان سەرۆك بارزانی مەدالیای بارزانی بەخشیە دەزگای خێرخوازی بارزانی و هەروەها بۆ بەرزنرخاندنی رۆڵی كاریگەریان لە چەسپاندنی بنەماكانی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕۆڵی بەرچاویان لە شەڕی دژی تیرۆریستان، سەرۆك بارزانی، مەدالیای بارزانی بە بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری كوردستان بەخشی.