یەکشەممە 5 ئایار 2019

سەرۆك بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان كۆبۆوە



ڕۆژی یەكشەممە 5ـی 5ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان باسی گرفت و كێشەكانیان كرد و هەروەها بابەتی پێنەدانی پارە و شاییستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغدایان لەگەڵ سەرۆك بارزانی تاوتوێ كرد. داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشە بدات، هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد كە بەدەنگ داواكاریی ئەوان و خەڵكی بەشخوراو هاتووە.

هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی جووتیاران لە ژیانی ئابووریی كوردستان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولدا جووتیاران ڕۆڵی گەورەیان لە پشتیوانیكردنی شۆڕش هەبووە و سەرچاوەیەكی بەردەوامی شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە بوون. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ و بە پێویستی زانی كەرتی كشتوكاڵ ببووژێتەوە و  و ببێتە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی ئابووریی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داوكارییەكانی جووتیارانی كوردستان ڕاگەیاند و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی دەرهەق بە جووتیارانی كوردستان كراوە زوڵمێكی ئاشكرایە و هەموو هەوڵەكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ماف و پارەی جووتیارانی كوردستان كە لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە.