دووشەممە 21 ئایار 2018

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كاندیدەكانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە



ڕۆژی دووشەممە 21ـی 5ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ گشت كاندیدەكانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و تێیدا ڕۆشنایی خستەسەر  بارودۆخی سیاسی و هەروەها قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستانی كرد لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگران و چینوتوێژەكان و گەنجانی ناو پارتی لە ناوخۆ و دەرەوە كرد كە هەموویان بە یەكدەنگی و بە گیانێكی هاوبەش كاریان بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی ڕێگری و ئاستەنگ بۆ ئەوەی لیستی پارتی دەنگ نەهێنێت بەڵام جەماوەری پارتی بە ئیرادەیەكی بەرز توانیان سەركەوتن بەدەست بهێنن و لە ئاستی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات پارتی حزبی یەكەم بووە و ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی خاوەنی قەزییەیە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە پارتی لە هەموو تاقیكردنەوەیەك بە سەربەرزی دەرچووە  پارتی كە دامەزرا بۆ ئەوە دانەمەزرا ململانێ لەگەڵ لایەنەكان بكات بەڵكو بۆ ئەوە دامەزراوە كە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات. هەروەها سەركەوتن بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە باوەڕیان لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان هەیە و ناشكرێ میللەتێك بچەوسێتەوە و نوێنەرانی بیر لە پلە و پایە و دەستكەوت بكەونەوە. بۆیەش پێویستە ئامانجی سەرەكیی نوێنەرانی پارتی لە بەغدا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەیان بێت و نابێ لەكاتی سەركەوتندا مەغروور بن و لەكاتی شكست و پاشەكشەیشدا نائومێد ببن.

سەرۆك بارزانی ڕەخنەیشی لە ئەدای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گرت كە بووەتە هۆی كێشەی زۆر گەورە بۆ دەنگدەران و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەژمارنەكردنی دەنگی خوشك و برا ئێزیدییەكان ئەنفالكردنی دەنگی ئەوانە و مەبەست لێی ئەوە بووە كە پارتی لە پارێزگای نەینەوا وەك لیستی یەكەم نەبێت.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە پێویستە بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونی نێوان پێكهاتەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەبەرچاو بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە هەموو لایەك كار بكەن. داوایشی كرد كە لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەكوتاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار ببن.