دووشەممە 27 کانوونی دووەم 2020

‎سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پارتی و پێكهاتەكانی كلدان سریان ئاشوور لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی كۆبۆوە



ڕۆژی دووشەممە ٢٧ـی ١ـی ٢٠٢٠ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پارتی و پێكهاتەكانی كلدان سریان ئاشوور لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر كاروباری ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی ئەنجوومەنەكان لە چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنج و تێبینی و پێشنیاركانی خۆیان بۆ باشتركردنی كاری ئەنجوومەنەكان و خزمەتی زیاتری خەڵك بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و فڕاكسیۆنەكانی پارتی و پێكهاتەكانی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوانیان.

پەیوەست بە چۆنیەتی كاركردن و هێڵە گشتییەكانی ئەرك و كاری ئەنجوومەنەكانی پارێزگاكانی هەرێم سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.‎