ڕۆژی چوارشەممە 19ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای حزبی ئیسلامیی عێراق كۆبۆوە، كە پێكهاتبوو لە د. ئەیاد سامەرایی سكرتێری گشتی و سوهەیب ئەلڕاوی و ڕەشید عەزاوی جێگرانی سكرتێری گشتی و د. نەسیر ئەلعانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی ئیسلامیی عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ و ڕەوشی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا و، لەو بارەیەوە هەماهەنگی و وریایی هەموو لایەك بە پێویست زانرا.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هاوكاری و هەماهەنگیی پارلەمانی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی ئیسلامیی عێراق كرایەوە.