سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: پارتى پارێزەری ڕاستەقینەی مافی ئێزدییانە و تا پارتی بەهێزتر بێت مافی ئێزدییان زیاتر پارێزراو دەبێت.
ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا هات کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ له دهۆک بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و سەرەتا دەستخۆشیی لە بنکەی لالش کرد بۆ ئەو خزمەتانەی پێشکەشی خوشک و برایانی ئێزدی و دۆزی ئێزدییان کردووە. سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: هیچ کارەساتێک هێندەی ئەوەی بە خوشک و برایانی ئێزدی‌دا هات منی ئازار نەداوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا تۆڵەیەکی مەردانە لە دەستدرێژیکاران کرایەوە و بەخوێنی شەهیدان و ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەو تاوانبارانەی ئەو کارەساتەیان بەسەر ئێوە هێنا کەوتنە ژێر پێی منداڵ و کچ و کوڕانی ئێزدی و، دەپاڕانەوە کە ببەخشرێن، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێزدی توانیویانە ڕەسەنایەتیی کوردی بپارێزن و هیچ هێزێک ناتوانێت لە گەلەکەیان دایانببڕێت. ڕوونیشی کردەوە: دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و لەکاتی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا پێداگرییەکی زۆرم کرد ئەو ڕێگرییە دەروونییە بشکێنم کە ڕێگەی نەدەدا ئێزدی پۆستی باڵایان هەبێت و توانیمان پۆستی وەزیر بۆ ئێزدییەک وەربگرین.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە: پارتی پارێزەری ڕاستەقینەی مافی ئێزدییانە و تا پارتی بەهێزتر بێت مافەکانی ئێوە پارێزراوتر دەبن و دەستکەوتەکانتان زیاتر دەبن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ئایاری ڕابردوو بەڕێوەچوو و ڕایگەیاند: بەداخەوە لەو هەلبژاردنەشدا دەیانهەزار دەنگی ئێوە سووتێندرا بەو ئامانجەی پارتی نەتوانێت دەنگی یەکەمی مووسڵ بهێنێت، زۆر غەدری تریش کرا و سەرەڕای هەموو فشارەکانی ئەوانەی کە پێیان وابوو پارتی تووشی شکست دەبێت، کەچی پارتی وەک حزب لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە حزبی پلە یەک و سەرکەوتنێکی گەورەی وەدەست هێنا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی ٣٠ـی ئەیلوول کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی خۆشگوزەرانی و ئارامی و پێشکەوتنی زیاتریان دەوێت با لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست بهێنێت دەستی کراوەتر دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بکات و وەک هەمیشە بەهێزەوە بەرگریی لە کوردستان بکات و گۆڕانکاریی گەورە و چاکسازیی بنەڕەتییش بکات.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێمه ئێستا و له ئاينده‌ش، داكۆكى له‌سه‌ر ئاشتيى و درێژكردنى ده‌ستى برايه‌تی بۆ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌ينەوە. ئێستا دەرفەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق و ته‌وازن و به گوێره‌ى ده‌ستوور كێشه‌كان چارەسەر بکرێن.
سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی گەلی عێراقیشی کرد کە نەکەوتنە ژێر کاریگەریی هەڵوێستەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و ڕایگەیاند: من ترسم زۆر بوو كه ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ى دژ به كورد كه هه‌ندێك به‌رپرس ده‌يانويست بيكه‌نه فه‌رهه‌نگى شه‌قامى عه‌ره‌بى له عێراق، نه‌وه‌ك سه‌ربگرێت. به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنى ١٢ـی ئاياردا گه‌لى عێراق سزاى به‌شى هه‌ره زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌يان دا، كه ده‌يانويست له‌سه‌ر حسابى دژايه‌تيكردنى خه‌ڵكى كوردستان و مافى خه‌ڵكى كوردستان خۆيان بكه‌ن به پاڵه‌وان، به‌ڵام له لايه‌ن گه‌لى عێراقه‌وه سزا دران و سوپاس بۆ گه‌لى عێراق. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى گه‌لى عێراق كاريگه‌رييه‌كى زۆر زۆر گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر ئێمه.
سەرۆک بارزانی وەبیری ئامادەبووانیشی هێنایەوە کە بارزانیی نەمر، بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلوول، ڕاسپاردەی بۆ ئێمە ئەوە بوو کە نابێ بهێڵین شەڕ و ناکۆکیی نێوان ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ببێتە شه‌ڕى نێوان دوو ميلله‌ت و ئەوەی بە كوفر و تاوان دەزانی. ئێستایش ئێمە پابەندی ئەو ئامۆژگاری و حیکمەتەی جەنابی بارزانین و هيچ كاتێك رێگه ناده‌ين ناكۆكى ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تێك ببێته شه‌ڕ و ناكۆكى نێوان گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب، يان گه‌لێكى ديكه.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و سەرنجی ئامادەبووانی دایەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بنکەی لالش وەک ڕێزلێنانێک لە پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ ئێزدییان، تابڵۆیەک کە هێما و ئارمی بنکەی لالش بوو، پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرا.