پێنجشەممە 27 حوزەیران 2019

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە



ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ڕۆشنایی خستە سەر ئەركی مێژوویی پارتی و ئەندامەكانی و جەختی لەوە كردەوە كە نوێنەرانی پارتی لە پارلەمانی كوردستان نوێنەری مێژوو و بەها و ئامانجەكانی پارتین و، پێویستە نوێنەرانی پارتی لە پارلەمان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بن كە لەسەر شانیانە و بەرگریكاری ویست و ئێش و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بن. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەندام و نوێنەرانی پارتی دەبێ ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵك و داواكارییەكانی خەڵك بگەیێنە شوێنی مەبەست و هیچ كاتیش لە موزایەدە كردن و قسەی بێ عەمەل نزیك نەبنەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.