شەممە 4 کانونی یەکەم 2021

سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی كونفدراسیۆنی ڕەوندی كوردی وتارێكی پێشكەش كرد



ڕۆژی شەممە 4ی كانوونی یەكەمی 2021 لە شاری هەولێر لەژێر چاودێریی سەرۆك مەسعود بارزانی كۆنگرەی كۆنفدراسیۆنی ڕەوندی كوردی دەستی بە كارەكانی كرد.

لە كۆنگرەكەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان و ئەندامانی كۆنگرەكە كرد. لەو وتارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كورد لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنگرەكە خواست و ڕایگەیاند كە ئامانجی كۆنگرە ڕێكخستن و دیاریكردنی ئەركەكانی ڕەوەندی كوردە بە جۆرێك كە لە خزمەت گەلی كوردستاندا بێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕەوەندی كوردستانی سامانێكی نەتەوەیی گرنگە بۆ پشتگیریی گەلی كوردستان و، گەلی كوردستان هەرگیز بریتی شەڕی هەڵنەبژاردووە و تەعەددای لە كەس نەكردووە و بەرگری لە مان و نەمانی خۆی كردووە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا داوای كرد كە دۆزی كورد لە هەموو پارچەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی چارەسەر بكرێت و، شەڕ بە هیچ شێوەیەك نابێتە چارەسەر بۆ كێشەی كورد و هیچ كێشەیەكی تر. داواشی كرد ناكۆكیی لەگەڵ ڕژێمەكان بە هیچ شێوەیەك نەبێتە دوژمنایەتی لەگەڵ گەلان. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان شانازی بە فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكات و دەبێ ئەو فەرهەنگە دێرینەی خۆی بپارێزێت. سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ڕەوەندی كوردی دڵسۆز و وڵاتپارێزان كۆ بكاتەوە و ڕێزیش لە یاسای ئەو وڵاتانە بگرن كە تێیدا دەژیین. جەختی لەوەش كردەوە كە گەنجان و منداڵان هان بدەن كە بخوێنن و دیرۆك و زمانی گەلی خۆتان لە بیر نەكەن. هەر لەو وتارەیدا سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە هەوڵ بدرێت زۆرترین دۆست بۆ گەلی كورد لە دەرەوە و لە پارلەمانەكانی وڵاتان پەیدا بكرێن بۆ ئەوەی پشتیوانی ناساندنی جینۆساید و ئەو تاوانانە بن كە لەدژی گەلی كوردستان كراوە. هەروەها داواشی كرد كە ڕەوەندی كوردی پشتیوانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێت.

لە كۆتایی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی یادی شەهیدانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەرمیان و دەڤەری مەخمووری كردەوە كە بە دەستی تیرۆریستانی داعش شەهید كران و ئەو دڵنیاییەشی بە گەلی كوردستان دا كە تۆڵەی شەهیدان دەكرێتەوە و خوێنیان بە فیڕۆ ناچێت.