ھەینی 23 تشرینی دووەم 2018

سەرۆك بارزانی لە شاری نەجەف لەگەڵ سەرۆكی ڕەوتی سەدر كۆبوونەوە



 

ڕۆژی ھەینی 23ـی 11ـی 2018 سەرۆك مەسعود بارزانی گەیشتە شاری نەجەف و بە گەرمی لەلایەن بەڕێز موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێشوازییان لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێزان مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، سەرەتا سەرۆكی ڕەوتی سەدر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و بە سەردانێكی گرینگ و مێژوویی وەسفی كرد و ڕایگەیاند كە سەردانەكە بووەتە مایەی خۆشحاڵیی سەرجەم لایەن سیاسییەكانی عێراق و بە سەرەتایەكی گرینگ و ئاراستەیەكی نوێ و ئەرێنی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ھەڵەكان و بونیادنانی حكوومەتی نوێی دەزانن.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە دەرفەتێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و پێویستە كار لەسەر بیناكردنی متمانە و چارەسەركردنی كێشەكان و شەراكەتی ڕاستەقینە بكرێت. جەختیشیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەكان و قووڵتركردنەوەی متمانە و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی تازەی عێراقی كردەوە.