پێنجشەممە 22 تشرینی دووەم 2018

سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ سەرۆك وەزیران وژمارەیەك لە كەسەیاتی و بەرپرسە سیاسییە باڵاكانی عێراق كۆدەبێتەوە



 

ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 سەرۆك مەسعود بارزانی بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە لایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پارلەمانی عێراق و هادی عامری سەرۆكی تەحالوفی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی وئیداری وئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
لەو سەردانەدا كە بەڕێزان مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرس و ڕاوێژكارانی پارتی دیموكراتی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، پاش پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بەرەو كۆشكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێ كەوتن و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانیی كرد و ڕایگەیاند كە سەرۆك بارزانی سەركردەی ئازادكردنی عێراق و بنیاتنانی دیموكراسییە لە عێراق و ئەندازیاری بنیاتنانەوەی عێراق و پەیوەندییەكانی عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتییە. هەروەها ئاماژەیشی بە مێژووی خەباتی هاوبەشی هەردوولا دا و پەیوەندییەكانی خۆی و سەرۆك بارزانی لە سەرووی پەیوەندیی سیاسی زانی و ئەو پەیوەندییەی بە برایانە و دۆستانە وەسفی كرد.

سەرۆك وەزیرانی عێراقی پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هەبوو و ڕایگەیاندكە پێویستە هەموو لایەكمان ئەو مێژووییە بزانین كە تێیدا پێشمەرگە چۆن لەدژی زوڵم و دیكتاتۆری خەباتی كردووە و قوربانیی داوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە خەباتی دژی دیكتاتۆریەت و بوونی ئەوەی بە سەرۆكیحكوومەتی تازەی عێراق بە جێگەی ئومێد بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە قەلەم دا و جەختی لەوە كردەوە كە هاتووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق ڕابگەیێنێت چونكە ئێستا حكوومەتی عێراقی كەوتووەتە دەستێكی ئەمین.

دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و تاوتوێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو.

 

دوای دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆك مەسعود بارزانی لە شاری بەغدا لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی تەحالوفی فەتح و ژمارەیەك لە سەركردەكانی تەحالوفی فەتح كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی تەحالوفی فەتح سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ و مێژوویی وەسف كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی لە مێژووی عێراق و خەباتی گەلی كوردستان، هیوای خواست كە ئەو سەردانە دەروازەیەك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە لە ڕابردوودا ڕووی داوە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەكان و قووڵتركردنەوەی متمانە و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی تازەی عێراقی كردەوە.

 


لە درێژەی سەردانەكەی دا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ فاڵح فەیاز  سەرۆكی لیستی عەتا كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە ئێستا دەرفەتێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و پێویستە كار لەسەر بیناكردنی متمانە و كاری پێكەوەیی نێوانیان بكرێت و هاوكاتیشت پاڵپشتیی حكوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكرێت.

وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری بەغدا كۆبوونەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری بوو لەگەڵ سەرۆك و ژمارەیەك لە سەركردەكانی كوتلەی مەشرووعی عەرەبیی عێراقی.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق دووپاتكردەوە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە كێشە و گیروگرفتەكانی هاووڵاتیان و هەروەها گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هیوای ئەوەیش خوازرا كە كێشەكان بەشێوەیەكی برایانە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و ئەوەیش هەوڵی هاوبەشی هەمەلایەنەی پێویستە. ئەندامانی شاندی كوتلەی مەشروعی عەرەبی سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیان كرد كە لە بارودۆخی ناخۆشدا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەی عێراقیان كردووە.

هەر لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ موحەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە پارلەمانتارانی تەحالوفی میحور و نوێنەری پارێزگا ڕزگاركراوەكانی عێراق كۆبۆیەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی پارلەمانی عێراق سەردانی سەرۆك بارزانیی بۆ شاری بەغدای بە مایەی شانازی لە قەڵەم دا و هیوای خواست ئەو سەردانە تەكانێك بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات بە ئاراستەی ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان. هەروەها نوێنەری پارێزگا ئازادكراوەكانی عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیان كرد كە بوونە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماوی عێراقی كە بەهۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش ماڵ وحاڵی خۆیان جێهێشتبوو.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی پارلەمانی عێراقی كرد كە ڕۆڵی ئیجابی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا گێڕاوە و وێڕای ئاماژەپێدان بە مێژووی پەیوەندییەكان وكێشەی نێوان هەرێم و بەغدا جەختی لەوە كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێ ناكۆكیی سیاسیی لەگەڵ دەستەڵات ببێتە هۆی ناكۆكیی گەلان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنە وێرانكراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی وسەرۆكی پارلەمانی عێراق و تەحالوفی میحور بوو.

دوایین وێستگەی ڕۆژی یەكەمی سەردانی سەرۆك بارزانی لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بۆ شاری بەغدا كۆبوونەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری بوو لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی كوتلەی دەولەتی یاسا و ژمارەیەك لە سەركردەكانی دەولەتی یاسا و حزبی دەعوەی عێراقی بوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شاری بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە گرنگ و بایەخدار وەسف كرا. هەروەها جەختیش لەسەر كاركردن بۆ نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا و كاری پێكەوەیی و سوودوەرگرتن لە فرەلایەنیی سیاسیی و بنەماكانی دیموكراسی كرا بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام بە مەبەستی پێشخستنی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی تازەی عێراق كردەوە.