پێنجشەممە 16 ئاب 2018

سەرۆك بارزانی بەشداری لە مەراسیمی یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات



ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی ئابی 2018 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی بەشداری لە مەراسیمی یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كرد.

لەو مەراسیمە كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە سیاسی و حزبییەكان و سەرۆك و سكرتێر و ئەندامی لایەنە سیاسییەكان و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسانی ئیداریی هەرێمی كوردستان لە هۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەرەتا وتاری بەخێرهێنانی میوانەكان لە لایەن هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێندرایەوە. پاشان سەرۆك بارزانی وتارێكی بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەكە پێشكەش كرد.

سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا پاش بەخێرهێنانی میوانەكان، سڵاوی بۆ دامەزرێنەری پارتی و هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر هنارد و سوپاسی ئەندام و لایەنگر و كادیر و جەماوەری پارتیشی كرد كە هەمیشە پشت و پەنای پارتی دیموكراتی كوردستان بوونە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە پارتی پەناگە بووە بۆ تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردستان و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ هەر لە دامەزراندنییەوە هەتا شۆڕشی ئەیلوول پارتی نەیهێشت كە گەلی كورد تووشی نائومێدی ببێت.

 لەدرێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بایەخی شۆڕشی ئەیلوول دا و ئەوەی خستەڕوو كە شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و سەرتاسەریی كوردستان بووە و هیچ كات هاوشێوەی دوژمنان دەستی بۆ ئازاردانی خەڵك نەبرد و شۆڕشی ئەیلوول وای كرد كە ناكۆكیی لەگەڵ ڕژێم نەبێتە ناكۆكیی نێوان نەتەوەكان.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردە و پێشمەرگەكان لە شەڕی داعش و ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ئەوەی دووپات كردەوە كە ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەك بەخۆماندا بچبنەوە و پارتیش دەستی برایەتی و هاوكاری بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات چونكە دەستكەوتەكان تەنیا لەكاتی پێكەوەبوون دێنە دی و دەپارێزرێن. داوایشی كرد كە لایەنە كوردستانییەكان لەجیاتی یەكترشكاندن پێكەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا بكەن.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لەجیاتی ئەوەی لایەنەكان بیر لە دواخستنی هەڵبژاردن بكەنەوە كار بۆ هەڵبژاردنێكی باش و بەهێز بكەن بۆ ئەوەی حكوومەتێكی بەهێز دروست ببێ كە بتوانێت چاكسازی بكات و كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات.

لە كۆتایی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی یادی داستانی بێوێنەی خۆاكوڕكی كردەوە و پێزانینی بۆ قارەمانێتیی پێشمەرگە هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن.