یەکشەممە 31 تەمووز 2022

سەرۆك بارزانی بەشداری لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی ڕوفاتی جینۆسایدكراوان دەكات  



‎پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 31ی تەمموزی 2022 لە بارزان سەرۆك مەسعود بارزانی بەشداری ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ڕوفاتی 100 شەهیدی جینۆسایدكراوی بارزانی كرد.

‎لەو ڕێوەڕەسمەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان و كەسایەتییە كوردستانی و عێراقی و بیانییەكان و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدكراوی بارزانی ئامادەی بوون، سەرەتا دوای ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان، ڕوفاتی شەهیدان بۆ گۆڕەپانی مەراسیمەكە هێنران و پاشان سەرۆک بارزانی تاجە گوڵینەی لەسەر ڕوفاتی شەهیدان دانا و چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە.

‎لە درێژەی مەراسیمەكەدا گوتاری كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدكراوی بارزانی خوێندرایەوە و دوای پێشكەشكردنی هۆزانێك، وتارێك لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی پڕۆسەی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی شەهیدان خوێندرایەوە. هەروەها دوای پەخشكردنی فیلمێكی دیكیۆمێنتاری لەبارەی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی شەهیدانی جینۆسایدكراوی بارزانی، سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوانی مەراسیمەكە كرد و، دواتریش ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ڕوفاتی شەهیدانی جینۆسایدكراوی بارزانی بەڕێوەچوو.

‎دەقی وتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیە بوو:


بەناوی خودای گەورە و میھرەبان

میوانانی بەرێز....
ھەموو لایەکتان بەخێربێن سەرسەر و سەرچاوان .

دیسان جارێکی تر برینی قوڵی ئێمە نوێبوونەوە ، ئەمرۆ ئێمە پێشوازی لە ڕوفاتی 100 شەھیدی تر لەو ھەشت ھەزار شەھیدە بێ تاوان و مەزڵومە ، کە بە دەستی زاڵم و دیكتاتۆر ھاتنە شەھید کردن ،ئەمڕۆ ئێمە پێشوازیان لێ دەکەین.

گومانم نییە کە گیانی پاکی ئەو شەھیدانە ، پێش ئەوەی روفاتێ ئەوان بگەرێتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان ، روحی ئەوان ھاتۆتەوە.
ئەو پێشوازییە گەرمەی دوێنێ شەو لە روفاتی ئەو شەھیدانە کرا،ھەر لە ھەولێر تا گەیشتە ئێرە(بارزان)، نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندیەکی روحی ھەیە لە نێوان ئەو میللەتە و شەھیدەکانیان.
ئەوەش نیشان دەدات کە شەھیدەکانی ئێمە زۆر بە قەدر و عەزیزن لای ئێمە.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆ ، پێش 39 ساڵ ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بە شێوەیەکی دڕندانە ھەشت ھەزار کەسی بێ تاوانی راپێچانە بیابانەکانی باشوری عێراق ، منداڵی 12 ساڵان و تا پیرەمێردی 90 ساڵی لەنێودابوون، ئەوانە ھیچ تاوانیان نەبوو ، گوناھی ئەوان لەلای ئەو زاڵمانە تەنھا و تەنھا ئەوەبوو کە بارزانی بوون ، ئەوەی بۆ خاتری ناوی بارزانی شەھید بکرێت ،شەھیدێکی زۆر مەزنە.

دوژمنان زۆر جار دڵی خۆیان بەوە خۆشکردووە کە بارزانی تەواوبوون، ھەر لە ساڵی 1892 تا ئەمڕۆ 16 جار دەڤەری بارزان و گوندی بارزان سوتێنراوە و وێران کراوە ، ھەمووجاریش ئەو میللەتە ملی داوەتە بەر، تەسلیمی زۆرداران نەبووە و مەملەکەتی خۆیان ئاوەدان کردۆتەوە،ئەو ئیمانە و ئەو باوەڕە پتەوە لە ھەردوو قوتبە مەزنەکان و مەولاکان و ئوستازەکانی ئێمە بۆمان ماوەتەوە، شەھیدی مەزن شێخ عەبدولسەلام بارزانی،قوتبی مەزن شێخ ئەحمەد بارزانی،شەھیدی یەکەم کە رێگەی شەھادەتی ھەڵبژارد کوڕی ئەو میللەتە و پەیڕەوەکانی ئەویش ئەو ڕێگەیان ھەڵبژاردووە کە شەھیدی مەزن، شێخی مەزن ، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە.ئەوە کاتژمێرێکە لەبەر ئەو گەرمایە،تەسەوری خۆتان بکەن کە چەند زەحمەتە یازدە و دوازدە ساڵان مەولای ئێمە و خودانی ئێمە ، شێخ ئەحمەد بارزانی بە کۆت و زنجیر لە زیندانی بەسرا بەرگەی گرت و سەری بۆ دوژمن دانەنواند، پەیڕەوەکان و موریدەکانیشی لەسەر ھەمان ڕێگا دەڕۆن،شەھیدکردنی ھەشت ھەزار کەس کارەساتێکی زۆر مەزنە، برینێکی زۆر قوڵە و لەبیر ناکرێت.

لێرەدا بە ئەرکی دەزانم،کە ئاماژە بە ڕۆلی ئەو دایکە قەھرەمانانە بکەم، ئەوانەی کە نەیانھێشت منداڵەکانیان ھەست بە بۆشایی و بە بێ باوکی بکەن، کرێکاریان کرد و بە ماندووبوونی خۆیان منداڵەكانی خۆیان پێگەیاند ، بەشێکی زۆر لەو مینیۆمێنتە بە دەستی ئەو كوڕانە دروست بووە کە ئێوە پێتان گەیاندوون، بڵێم سوپاس،سوپاس کەمە بۆ ئێوە ، بەڵام ڕووخستەم بدەن ئەو دەستانەی کە لەناو خۆلدا و ئەو دەستانەی کە بە کرێکاری ھەمووی برینداربووە، بە شانازییەوە یەک بە یەکەی دەستەکانتان ماچ دەکەین، ، شێرە ژنینە ، قارەمانینە ، ئێوە سەری ئێمەتان بڵند کرد، چەندی باس بکەین کەمە ، خوێنی ئەو شەھیدانە زیاتر ئێمە رژد دەکات لەسەر ئەم ڕێبازە، چونکە ڕێبازی شەڕەف و كەڕامەتە و ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانییە.

زۆر ھەوڵدران بۆ ھەموو روفاتی بارزانی و ھەموو شەھیدەکانی تری ئەنفال لە گەرمیان تا بادینان ، کە ئەوانەی بدۆزرێنەوە بگەرێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و بەردەوام دەبین لەسەر ھەوڵەکانمان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و دادگای تەمیزی بەغدا ، ھەموو بریاریاندا کە ئەمە جینۆسایدە،حکومەتی عێراقیان پابەند کرد کە ھاوکاربێت بۆ گەڕانەوەی ڕوفاتی شەھیدان و ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان، ھەموو ماڵی دونیا لای ئێمە قیمەتی پارچە ئێسکێکی لە ئێسکی ئەو شەھیدانە نییە، لای ئێمە پارچە ئێسکێکی شەھیدان لە ھەموو ماڵی دونیا بە قیمەتترە، بەڵام ئەوە بەرپرسیارەتییەکی یاسایی و ئەخلاقیی حکومەتی عێراقە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی ھەڵبستێت بەرامبەر کەسوکاری شەھیدان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسرێ لەسەر ئاستی دوەلی.

بە پێویستی دەزانم سوپاسی گەرمی خەڵکی ھەولێر و دەوروبەری ھەولێر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سۆران و دۆڵی بیاوێ و ھەمووان بکەم ، ھەم بۆ ئەو ھاوکاریەی کردیان زۆر کەس خۆیی و ماڵ و منداڵی خۆیان خستە ژێر مەترسی و نەمان لە دەستی ڕژێم ، چەندین کوڕی بارزانیان رزگارکردن.لە ھەولێر زۆر کەس ھاوکاریەکی زۆریان کرد تاکو دایکی ئەو شەھیدانە بتوانن منداڵەکانی خۆیان بەخێو بکەن ، ئێمە ھیچ کاتێک لەچاکەی ئەوان دەرناچین، خودا پاداشتیان بەخێر بداتەوە ، ھەروەھا بە پێویستی دەزانم سوپاسی مەلا مستەفا و ئەو ستافەی لەگەڵی کاردەکەن بکەم ، کە ئەو بەرنامەو مەراسیمەیان بەو شێوە ڕێک پێکە بەجێ گەیاندووە.

کاتێک دیکتاتۆر زۆر بە غرورییەوە دەیگوت" بارزانی گەیشتنە سزای خۆیان ئێمە ناردمانن بۆ جەھەننەم"ئەمڕۆ بارزانی بە سەربەڵندی لەنێومانن و ئەو چوو بۆ جەھەننەم و بارزانی لە بەھەشت دان.

لە کۆتاییدا جارێکی تر .. من سەرەخۆشی سەرەتا لە خۆم دەکەم پاشان لە ئێوە ، ھەر یەک لە ئێوە لە خەمی عەزیزێک یان چەند عەزیزێکتان دایە ، خەمی ھەمووتان لەسەر ملی ئێمەیە.
منیش وەک ئێوە نازانم کە ھیچ برای من، برازای من ، ئامۆزای من ، کورە مامەکانی من لە نێودان.ھەریەک لەوانە بۆمن برایە ، ئامۆزایە و برازایە و کوری مامە، ھەموو کەس و کاری ئێمەن.
خودا ان شاء اللە سەبرو تەحەمولمان بدات.
خودا ان شاء اللە شەھیدان بە بەھەشت شاد بکات.
خودا ھاوکاربێت..
والسلام و علیکم