پێنجشەممە 13 ئەیلوول 2018

سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات



ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 13ـی9ـی2018 له‌ سه‌لاحه‌دین سه‌رۆك مسعود بارزانی پێشوازی له‌ برێت ماکگۆرک نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی شه‌ڕی دژ به‌ داعش كرد.

له‌ دیدارێكدا كە دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، هه‌ردوولا بیروڕایان له‌باره‌ی دوایین هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومه‌تی نوێی عێراقی و دانیشتنی 15ـی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی ئاڵوگۆڕ كرد.

هه‌روه‌ها له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌ختیش له‌سه‌ر هەماهەنگیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕی دژ به‌ داعش كرایه‌وه‌.