ڕۆژی دووشه‌ممه،١٢ـی٨ـی٢٠١٩، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ دووه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئه‌مڕۆ سه‌ردانی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی كرد و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و پیاوماقوڵانی ناوچه‌كه كۆبۆ‌وه.
سه‌رۆك بارزانی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پیرۆزبایی جه‌ژنی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی باڵه‌كایه‌تی كرد. دواتر وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: "ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌ڤه‌رێكی زۆر به بایه‌خه بۆ ئێمه. باره‌گای سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول لێره بووه. خه‌ڵكێكی زۆر دڵسۆز و زۆر به بیروباوه‌ڕ له‌م ناوچه‌یه په‌روه‌رده كراوه و زه‌حمه‌تێكی زۆریان كێشاوه و فشارێكی زۆری دوژمنیان له‌سه‌ر بووه. شه‌و و رۆژ ته‌یاره له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه سووڕاوه‌ته‌وه و گونده‌كانی بۆمبا‌باران كردووه و له بن ئاگری تۆپخانه‌ی دوژمن بوون، خه‌ڵك خۆڕاگر بوو، زۆر پابه‌ند بوون به یاساكانی شۆڕش و شۆڕ‌شیان به موڵكی خۆیان ده‌زانی. خه‌ڵكێكی زۆر زۆر ڕه‌وشت به‌رز بوون. ده ساڵ ئێمه لێره بووین، شوێنی كه تۆزێك كه دوكانی لێ بوایه و شوێنی حه‌وانه‌وه بوو، گه‌ڵاڵه بوو، یه‌ك دزی لێ كرا و خه‌ڵك خۆی نه‌یانهێشت ئه‌و كه‌سه له گه‌ڵاڵه بمێنێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "دوژمن زۆر هه‌وڵی دا جاسووس له‌م ناوچه‌یه درووست بكات، پێی نه‌كرا. زۆر هه‌وڵی دا شۆڕش لێره تێك بدات، چونكه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر لێره تێكبچێت له شوێنه‌كانی دیكه‌ش تێكده‌چێت".
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌وه گوتی: "له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی رێك‌وپێك بۆ ئه‌م ناوچه‌یه دابندرێت. حكوومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تگوزاری باشتر پێشكه‌ش به‌م ناوچه‌یه بكات".
سه‌رۆك بارزانی ڕووی له جه‌ماوه‌ری چۆمان كرد و گوتی: "پێمخۆشه خۆتان له‌گه‌ڵ قائیمقام و ریش سپیانی ناوچه‌كه، ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی ئه‌وله‌ویه‌تیان هه‌یه بۆ ئێمه ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئیشێكی جدییان له‌سه‌ر بكه‌ین. ده‌بێت خزمه‌تی زۆری ئه‌م ناوچه‌یه بكرێت، پێویسته قه‌ره‌بووی زه‌حمه‌تییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به خزمه‌تگوزاری باشتر بكرێته‌وه".
سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "ئێمه نیگه‌رانیشین له‌و وه‌زعه ناله‌باره‌ی له‌سه‌ر سنووره‌كان درووست بووه. هه‌ندێكجار تۆپباران و بۆردومانی ئێران و توركیا، ئه‌گه‌ر لێره به‌هانه نه‌درێت، نه تۆپباران ده‌كرێت و نه بۆمبا‌باران، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت عیلاجی ئه‌م وه‌زعه بكرێت به شێوه‌یه‌ك ئیتر خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره چیتر باجی ئه‌و وه‌زعه ناله‌باره نه‌ده‌ن. ئێمه خه‌ریكین، به شێوه‌یه‌ك كه نابێت خوێنی كورد به ده‌ستی كورد بڕژێت، ئه‌مه بووه‌ته مه‌بده‌ئێك، به‌ڵام پێویسته موراعاتی وه‌زعی هه‌رێم بكرێت. ته‌نیا شوێنه كه ئومێدی خه‌ڵكه. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئومێده نه‌ما هه‌موو شت ته‌واو ده‌بێت".
له كۆتایی وته‌كانیشدا، سه‌رۆك بارزانی گوتی: "ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ هه‌رێم تووشی كێشه بكه‌ن یا نه‌هێڵن ژیانی خه‌ڵك به ئاسووده‌یی به‌ڕێوه بچێت، ئه‌وه ئێمه ڕێگه به‌وه ناده‌ین. بۆیه هیوادارین هه‌موو لایه‌ك حه‌كیمانه و عاقڵانه ڕه‌فتار بكه‌ن و موراعاتی ڕه‌وشی هه‌رێم بكرێت چونكه ئێمه ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێم و ژیانی خه‌ڵكی خۆمان ناكه‌ینه قوربانی هه‌چ كه‌سێكی تر ".