ھەینی 23 تشرینی دووەم 2018

دیدار و چالاکییەکانی سەرۆک بارزانی لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ شاری بەغدا



لە دووەمین رۆژی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ شاری بەغدا، رۆژی هەینی ٢٣ی ١١ی  ٢٠١٨ سەرۆک مسعود بارزانی بە یاوەری شاندیکی باڵا کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و، ئازاد بەرواری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغداو، ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرس و راوێژکارانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوە.

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ٢٣ی ١١ی  ٢٠١٨ سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری پێشوازییان لە بەڕێز حەسەن عەلەوی رووناکبیر و نووسەری عێراقی کرد، لە دیدارەکەدا بایەخ و گرنگی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ شاری بەغدا تاوتوێ کرا.

لە دوای ئەوە، سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی تەنسیقی لایەنە تورکمانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە. لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و رەوشی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا تاوتوێ کرا، رۆشنایی خرایە سەر رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو دوو پارێزگایە و، پێویستی قووڵترکردنی پێکەوەژیان و وردبوونەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکان و کاری هاوبەش.

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە رێککەوتن و کاری هاوبەش لەنێوان فراکسیۆنەکانی هەردوولا لە پەرلەماندا هەبێت، لەبارەی بارودۆخی کەرکوکیش ئەوە دوپات کرایەوە کە پیویستە بارودۆخەکە بکەوێتە سەر رێگەیەکی دروست و، کێشەکانی کەرکوک بە باڵادەستی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەکانیتر چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە تەوافوقی نێوان لایەنەکان هەیە، چونکە پێکهاتەکان لە کەرکوک چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و، خەڵکی کەرکوک دەبێ بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

هەر لەو دیدارەدا هەردوولا هاوڕابوون کە لەپیناو نەهێشتنی تیرۆر پێویستە کار بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بکرێت.

لە درێژەی دیدارەکانی سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی کوتلەی نەسڕ و ئەندامانی ئەو کوتلەیە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە دەستپێکی خێر بۆ پرۆسەی سیاسی لە قەڵەم درا و جەختیش لە پابەندبوون بە شەراکەت کرایەوە، هەروەها تەئکید لەوە کرایەوە کە پێویستە ژیانی خەڵک و دابینکردنی خۆشگوزەرانی ئەولەوییەتی کارەکانی حکومەت بێت. بە پێویستیش زانرا حکومەتی تازەی عێراق بە دەرفەتێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردادابنرێت.

دواتر، سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ناوچەکە و، رایگەیاند هەر شوێنیک کە سەرۆک بارزانی رووی تێ بکات خێرو بەرەکەتیش رووی تێ دەکات، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد بۆ حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارەو لێقەوماوی عێراقی.

لەو دیدارەدا سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و حکومەتی تازەی عێراق، بە دەرفەتیکی نوێ زانرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و، هاوکاری نێوان لایەنەکان و دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو و چارەسەری ریشەیی قەیرانەکان.

لە درێژەی دیدارەکانیدا لە شاری بەغدا، سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ کوتلەی وەتەنی عێراقی کۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا جەخت لە کاری هاوبەشی هەموو لایەک کرایەوە، بۆ بنیاتنانی شەراکەت و نەهێشتنی گرفتەکانی هەرێم و بەغداو، دەستپێکی نویی پرۆسەی سیاسی کە نیازپاکی تێدا بێت، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە رۆڵی سەرۆک بارزانییان لە قۆناغی ئایندە بە رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە دانا.

دوایین وێستگەی سەردانی سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری لە شاری بەغدا، دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ سەید عەماڕ حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو رەوتە بوو.

لەو دیدارەدا سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ و مانادار بۆ هەموو لایەک وەسف کرا، کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەک یارمەتی حکومەتی تازەی عێراق بدرێت و، نیازپاکی و ئیرادەی جدی بۆ ئەو مەبەستە هەبێت.

باشترکردنی ژیانی خەڵک و بنبڕکردنی تیرۆر و بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکە تەوەرێکی ئەو دیدارە بوو.

لە دوای ئەو دیدارە، سەرۆک بارزانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ شاری بەغدا هێنا و، بەمەبەستی دیدار لەگەڵ سەید موقتەدا سەدڕ، لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بەرەو شاری نەجەفی ئەشڕەف بەڕێکەوت.