ئەمرۆ دووشەممە ١٥ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان مەراسیمی پێشوازی لە تەرمی خوالێخۆشبوو دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس بەڕێوەچوو ، ھەر لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆک بارزانی تاجە گوڵینەی ڕێزلێنان و وەفای لەسەر تەرمی خوالێخشبوو دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس دانا ، لە مەراسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بەڕێوەچوو ، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە لە مەراسیمی پێشوازی لە تەرمی خوالێخۆشبوو دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس:
بەناوی خودای گەورە و میھرەبان
ڕۆژێکی زۆر زۆر خەمناکە بۆمن ، وە بۆ ھەموو ھەڤاڵانی کاک ڕۆژ، لە دەستدانی برایەک و ھەڤاڵێکی عەزیزی وەکو کاک ڕۆژ ئاسان نییە، لە ساڵی ١٩٥٨ ەوە من و کاک ڕۆژ وەکو دووبرا بەیەکەوە بووین لە قوتابخانەوە تا ئەمرۆ، بۆ یەک لەحزەش لێک دورنەکەوتینەوە ، جێگە پەنجەی کاک ڕۆژ لە ھەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتی گەلەکەماندا دیارە ، ڕۆلەیەکی ئازاو بەوەفا بوو بۆ گەلی خۆی و بۆ پارتەکەی ، درێژە پێدەری ڕێگەی باوکی و دایکی بوو ، من دڵنیام کە ھەڤاڵانی کاک ڕۆژ درێژە پێدەری ئەو رێبازە دەبن ، وە خەبات دەکەن لە پێناو ئەو ئامانجەی کە کاکە رۆژ و ھەزارەھا تێکۆشەرو قارەمانی تر سەریان لە پێناوی داناوە، کاکە ڕۆژ ھەمیشە لە یادمە.