ھەینی 12 ئایار 2023

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دووەمین ڕۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی بەڕێوەچوو  



ڕۆژی ھەینی 12ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێورەسمی دووەمین ڕۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد تێیدا باسی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی و گرنگی ئەو مۆزەخانەیە بۆ پاراستنی مێژووی گەلی کوردستان کرد بۆ نەوەکانی داھاتوو، سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دروستبوونی ڕێبازی بارزانی و پێناسەو مێژووی رێبازی بارزانی، سەرۆک بارزانی ئامەژەشی بەوەدا کە مێژووی گەلەکەمان زۆر شێوێندراوە، بۆیە بە گرنگەوە باسی لەمێژووی گەلی کوردستان کرد و جەختیشی کردەوە کە ھەموولایەک رۆڵ ببین لە دەوڵەمەندکردنی مێژووی گەلی کوردستان، ھەروەھا سەرۆک بارزانی باسی لەو بنەمایانە کرد کە شوێنکەوتوانی ڕێبازی لەسەری دەڕۆن بۆتە عەقیدە و پێی دەناسرێنەوە کە بریتیین لە خواناسی و نیشتمان پەروەری و مرۆڤدۆستی.

سەرۆک بارزانی باسی لە کەلتوری پێکەوەژیان لە دەڤەری بارزان کرد کە بە درێژایی مێژوو پارێزگاری لێکراوە و ناوچەکە پێی دەناسرێتەوە.

لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو زەبر و زەنگ و زوڵمە کرد کە لەسەر گوندی بارزان بەدرێژایی مێژوو ھەبووە جەختیشی کردەوە لە ھیچ قۆناغێکدا ملکەچبوونیان ھەڵنەبژارد.

پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند جەخت لە دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی نێو مالی کورد دەکەمەوە کە تێیدا داوای لە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسیەکان کرد تەبا و یەکگرتبووبن و ھەوڵ بدەن ئەو گرژیانە نەھێڵن کە دروستبوونە، سەرۆک بارزانی ئامادەیی و پشتیوانی خۆیشی بۆ چارەسەری ھەموو کێشەکان دەربڕی و داوای کرد کە لایەنەکان ئەم کەشە ناخۆشە بگۆڕن بە خۆشی.

جێگەی ئاماژە پێکردنە وتار و نوێژی ھەینی لە مزگەوتی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان ئەنجامدرا.