دووشەممە 10 حوزەیران 2019

به‌ به‌شداریی سه‌رۆك بارزانی، مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌چوو



ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٠ـی٦ـی٢٠١٩، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ شاری هه‌ولێر كۆبۆوه‌ و له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا، به‌رێز نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

 

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی و هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆككۆماری عێراق، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆك و سكرتێر و نوێنه‌رانی لایه‌نه كوردستانی و عێراقییه‌كان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، باڵیۆزی ئێران و سەدان میوانی کوردستانی، عێراقی و جیهانی، به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد و وێڕای پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان، پشتگیریی ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ڕاگه‌یاند و داواشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق كرد پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن به‌زووترین كات ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەریان بکەن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە رۆژبەڕۆژ کێشەکان زیاتر قووڵتر دەبن و جێگەی مەترسی جیددین.

 


سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئێستای ناوچه‌كه‌ش ڕایگه‌یاند كه‌ ئومێدەوارین هەموو لایەنەکان بە ئاشتی چارەسەری کێشەکان بکەن، چونکە بە تەئکید شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە.
له‌باره‌ی ڕه‌وشی ناوخۆی كوردستانیش، سه‌رۆك بارزانی داوای له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد بە گیانی برایەتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، کێشەکانی نێوخۆ چارەسەر بکەن.

 

دەقی وته‌كانی سەرۆک بارزانی

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان بەخێر بێن سەرچاوان
زۆر سوپاستان دەکەین بۆ خێرهاتنتان و زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان.
سوپاس بۆ خوای گەورە کە یارمەتیداین بۆ رێکخستنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 30ی ئەیلووی ساڵی رابردوو. سوپاس بۆ گەلی کوردستان، بۆ خۆڕاگرییان بەرانبەر زۆر لە تەحەدیات و پیلانی جۆراوجۆر، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان.
لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی ساڵی رابردوو هەلومەرجێکی تازە هاتە پێشەوە، ئەوەبوو لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێوەش هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەست پێدەکات.

لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەم و بە هەموو توانایەک پشتگیری دەکەم.
داوای جیددیم لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە، کە پێکەوە هەوڵ بدەن هەرچی زووترە ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەریان بکەن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان بڵێین ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە رۆژبەڕۆژ کێشەکان زیاتر قووڵتر دەبن و جێگەی مەترسی جیددین. پێویستە بە حیکمەت و بە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت، بەپێی دەستوور.

ڕاستە داعش تووشی شکستی گەورە بووە، بەڵام داعش ماوە، هەڕەشەی داعش ماوە، هەروەها خەریکە خۆی ڕێکبخاتەوە و هاوبیری داعشیش ماون و هەردووکیان پێکەوە مەترسی جیددین لەسەر وڵاتەکە و ئەمن و ئاسایشی نەک هەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەموو ناوچەکە و هەموو جیهان، بۆیە پێویستی بە وریاییەکی زۆر و هەماهەنگییەکی تەواو هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورەیە، جارێکی دیکە کارەساتی وەکو ساڵی 2014 دووبارە نەبێتەوە لەم وڵاتە.
بۆ کێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئومێدەوارین کە هەموو لایەنەکان بە ئاشتی چارەسەری کێشەکان بکەن، چونکە بە تەئکید شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.


لەناو هەرێمیشدا داواکارم لایەنە سیاسییەکان بە گیانی برایەتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کێشەکانی نێوخۆ چارەسەر بکەن.
جارێکی دیکە بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم و زۆر سوپاستان دەکەم.