سێشەممە 7 تشرینی دووەم 2017

سەرۆک بارزانی: شانازی بە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەکەم و هەرگیز لێی پەشیمان نیم



سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەمەریکایی ڕایگەیاند: ''شانازی بە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەکەم و هەرگیز لێی پەشیمان نیم. راشیگەیاند کە پێداچوونەوەیەکی جیددی لە پێوەندییمان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەینەوە.


لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەمەریکایی، سەرۆک بارزانی لە دوای ئەنجامی ڕیفراندۆم ئاسۆیەکی دیکەی بە ڕووی گەلی کوردستان نیشان دا، کاتێ بۆ ڕادیۆکە گوتی، ''کار بۆ سەربەخۆیی دەکەین و لە ڕیفراندۆم پەشیمان نیم.''


ئێن پی ئاڕ دەڵێ، گوێبیستی سەرکردەیەک دەبین کە ماوەی ١٢ ساڵ سەرۆکایەتیی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کردووە و کە بە ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارام ناوی دەرکردووە، ئەم دیمانەیە دوای ئەوە دێ کە بارزانی سەرۆکایەتیی پرۆسەی ریفراندۆمی کرد و بڕیارییشی دا کە ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ درێژ نەکرێتەوە.


لە دەستپێکی دیمانەکەدا ڕادیۆی ئین پی ئاڕ دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کە ناوچەیەکی زۆر لە خاکی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە، کە مەبەستی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، بەڵام سەرۆک بارزانی دەڵێت: ''پەشیمان نیم لە ڕیفراندۆم.'' بارزانی تەمەنی ٧١ ساڵە و لە حەفتەی ڕابردوودا دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵگرت.


رادیۆکە باسی لەو هێرشەی هێزەکانی عێراق و میلیشای حەشدی شەعبی کردووە، کە دەستیان بەسەر کەرکووکدا گرت، لە وەسفی شەڕەکەدا دەڵێت: هێزەکانی عێراق لەگەڵ میلیشیای شیعە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستیان بەسەر کەرکووکدا گرت، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت. لەو هێرشەی کە کردیانە سەر ئەو ناوچانە دەبابە و چەکی ئەمەریکایی بەکار هات. بارزانی لەو بارەوە گوتی: ''ئەمەریکا هیچ شتێکی بۆ وەستاندنی ئەو دەبابانە نەکردووە و ئەمەش چاوەڕواننەکراو بوو. چەک و دەبابەی ئەمەریکایی، کە ئەمەریکا داویەتە هێزی عێراق بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی داعش بەکاری بێنن، لە دژی گەل ئەو چەکانە بەکار هێنران، ئەوان چەکی ئەمەریکایی و تانکی ئەبرامز و چەکی دیکەیان بەکارهێنا کەچی ئەمەریکاش بێدەنگ بوو، ئەمەش چاوەڕەواننەکراو بوو، کە ئەمەریکا لێی بێدەنگ بێت.''

رایۆی ئێن پی ئاڕ دەڵێ، ئەگەرچی بارزانی رازی نەبوو کە وادەکەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ درێژبکرێتەوە بەڵام ئەو سەرۆکی گەورەترین پارتی کوردستانە. لایەنگرانی لە هەرێمی کوردستان بە باوکی رۆژگاری نوێی کوردستان ناوی دەبەن، لە ٢٠٠٣ وە بارزانی کوردەکان یەکێکن لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمەریکا، بەڵام بارزانی دەڵێ، دەبێ ئەمە بگۆڕدرێت و پێداچوونەوەیەکی جیددی لەو پێوەندییەمان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەینەوە.


پێگەی ئێن پی ئاڕ دەنووسێت: ئەمەریکا گوتوویەتی کە نایەوێ عێراق دابەش ببێت، هەروەها هەرێمی کوردستانیشیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاگادار کردوە و دەوڵەتانی دیکەیش ترسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان هەبوو، سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، بارزانی دەڵێت: ''ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا وادەکات گەلی کوردستان متمانەی بە ئەمەریکا کەم بێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەو متمانەیەیان بە ئەمەریکا لاواز ببێ.''
رادیۆکە دەڵێ، مەسعوود بارزانی وەک باوکی ئەفسانەی پێشمەرگەیە کە لەچیاکانەوە دژی هێزەکانی عێراق جەنگاون، بەدرێژایی ژیانی بۆ کوردستان جەنگاوە و ریفراندۆمیش دەستکەوتی بارزانییە، بەڵام ئێستا کوردەکان بە چەندین هێزەوە دەورە دراون، کەچی بارزانی لە ریفراندۆمدا پەشیمان نییە.


لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە سەرۆک بارزانی دەڵێت: ''شانازی بە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەکەم و شانازیش بەوە دەکەم، کە دەرفەتێکم بە گەلی کوردستان بەخشی بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن و هەرگیز لێیشی پەشیمان نیم.''


ئێن پی ئاڕ لە کۆتاییدا دەڵێ، بارزانی باوەڕی وایە دەوڵەتی کوردستان نامرێ، و زۆر گەنج هەن کە پێشمەرگەیش نین، هەروەک بارزانی دەڵێ، بەرگری دەکەن و کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.