چوارشەممە 17 تەمووز 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 7ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە  جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتیی نوێی بریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بریتانیا خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەو گۆڕانكارییە ئیجابییانەی كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندی و دانوساندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕوویان داوە و بە مایەی ئومێدی وەسف كرد. باڵیۆزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. هەروەها ئاماژەیشی بە ویستی بریتانیا دا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا بە گرنگ وەسف كرد و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی گشتیی تازەی بریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.

بارودۆخی سیاسیی و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و مەترسیی دووبارە دەركەوتنەوەیان تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.